ڕۆژی سێشەممە ١٢ـی ئابی ٢٠٢٥، وەک رۆژی جیهانیی گەنجان دیاری کراوە، لە هەرێمی کوردستان گەنجان لە دۆخێکی دەروونی خراپدان، بەو پێیەی بە هۆی زیادبوونی رێژەی بێکارییەوە، توێژی گەنجان لە هەرێم تووشی فشاری دەروونی زۆر بوون.

بە پێی ئاماری ساڵی پاری دەستەی ئامار، رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی ١٦.٥٪ کە ئەو رێژەیە لە نێوان گەنجانی تەمەن ١٨ ساڵ بۆ ٣٥ ساڵ سێ ئەوەندەیە، هەربۆیە شتێکی نامۆ نییە کە زۆرینەی ئەوانەی کۆچ دەکەن، توێژی گەنجانن، چونکە نەمانی دامەزراندن لە کەرتی گشتی کاریگەری هەبووە لە سەر بەرزبونەوەی رێژەی بێکاری.

لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە ٤٠ هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان هەن و لە ئەمساڵیشدا زیاتر لە ٨٠٠ هەزار دەرچووی دانەمەزراو لە هەرێمدا هەن کە هەموویان توێژی گەنجانن.

هاوکات، بە پێی ئامارەکانی دەزگای لوتکە لە ماوەی ساڵی ٢٠١٥ـەوە تا ساڵی پار، لە عێراق و هەرێم ٧٥٠ هەزار و ٤٩٨ کەس داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و ٧٠٪ـیان کوردن و ٩٥٪ـی ئەو کەسانەی لە کوردستان روو لە دەرەوە دەکەن، زیاتر ئەو گەنجانەن کە تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٢٥ ساڵانە.

بێکاری و نەبوونی هەلی کار لە کەرتی تایبەت و حکومیدا و دانەمەزراندنی رێژەیەکی زۆری دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، هۆکاری سەرەکی کۆچکردنی گەنجانە بۆ دەرەوەی وڵات و  بە پێی ئامارەکان تەنها لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا نزیکەی ٢٧ هەزار کەس و لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ٣٧ هەزار کەس کە زۆربەیان گەنجن ڕوویان لە ئەوروپا کردووە.