محەمەد عەبدوڵڵا پارێزەری رۆژنامەنووس شێروان شێروانی پەیامێکی بلاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند" "دەسەڵاتی سیاسی لە هەولێر، یەك بەدوای یەك گێچەڵی یاسایی بۆ رۆژنامەنوسی زیندانی كراو، شێروان شێروانی دروست دەكات بە ئامانجی رێگریكردن لە ئازادبوونی، جارێك بە تومەتی سیخوری بۆ ئەمریكاو ئەڵمانیا و سوید، لەگەڵ هاوڕێكانیدا،حوكمدرا، جارێكی تر بەناوی پەنجەمۆری ساختە لەناو زیندان، جارێك بەناوی ئیهانەی بەرپرسێك و هەڕەشەوە".
ئەو پارێزەرە دەشڵێت "دادگاو دادوەرەكانی هەولێریش وەك ئامرازی ژێر دەسەڵاتی حزبی گوێڕایەڵانە، فەرمانەكانی ئەوان و دەزگا ئەمنیەكان جێبەجێ دەكەن و یاسا پشتگوێ دەخەن، سیاسیانە رەفتار دەكەن، شێروانی كەوا خەریكە پێنج ساڵ لەزیندان تەواو دەكات، لەسەر دوو كەیس، دوو حوكمی جیاوازی خواردووە، كەچی ئێستا كەیسێكی تریشی بۆ لە دادگا ئامادەكراوە، بۆ ئەوەی حوكمی زیندانیكردنی زیاتری بدەن".
ئەو پارێزەرە باس لەوە دەكات "شێروان ئێستا لە ژوورێكدایە كە ستاندارد بۆ ١٠ سزا دراو دروستكراوە، كەچی ٢٣ و هەندێك جار زیاتریش سزادراو دە پەستێنە ژوورەكە، كە بەشێك لە سزادراوەكان نەخۆشی دەروونیان هەیە، بەشێكیشیان نەخۆش و پەككەوتەن".
محەمەد عەبدوڵڵا دەڵێت "بەردەوامیش كێشە بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی و سەردانی كردنی دروست دەكەن، هەروەها رێگری لە كۆمەڵێك كتێب دەكەن، كە بەدەستی بگات. هاوكات بێ بەشكراوە لە لەبەشداری خولەكانی ناو زیندان و هەروەها درێژە دان بەخوێندن و قسەكردن بۆ میدیاكانیشی لێ قەدەغە كراوە، هەروەكو ناهێڵن بگوازرێتەوە بۆ زیندانی چاكسازی سلێمانی و رێگەش نادەن، ئازادبوونی بەمەرجی پێ بدرێت".
لە بەشێكی دیكەی پەیامی پارێزەرەكەی شێروان شێروانیدا هاتووە:"بەهۆی هەڵوێستی خۆراگرانەی شێروانەوە، خانەوادەكەشی تووشی سزاو پێشلێلكاری بوونەتەوە. ساڵی پار بەهۆی بڵاوكراوەیەك بۆ رای گشتی لەسەر كەیسەكەی، بارزان شێروانی برای لەلایەن گروپێكی دەمامكدار لەنێوان رێگای هەولێر بۆ دهۆك، دەرفێندرێت و ئەشكەنجە دەدرێت، كەسیش لەسەر ئەم پێشێلكاریە ناگیرێت. دەسەڵاتی سیاسی لە ناوچەكەدا كە پارتیە، هیچ هەڵوێستێكیان نابێت، لە كاێكدا لەرێگای كەمێراكانەوە، تاوانبارەكان بدۆزنەوە".
وتەی پارێزەرەكەی لەكاتێكدایە، شێروان شێروانی دەبوو لە مانگی ئاداری ئەمساڵ ئازاد بكرێت، بەڵام ئەوكات رەمەزان ئەرتیسی پارێزەری دۆسیەكەی ڕایگەیاند بە هۆی رێكارە تەكنیكیەكانەوە ئازاد نەكراوە. لەكاتێكدا دوای چوار ساڵ لە زیندان بەر لێبوردنی گشتیی كەوت و بڕیاربوو زیندانیەكەی بۆ نیوە كەم بكرێتەوە.